ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لاوازترین بوە؛ کەمتر لە 300 کاتژمێر دەوامیان کردوە

19.10.2025
جەماوەر نیوز
روانگەی پەرلەمانیی عێراق، راپۆرتێکی لەسەر ئەدای خولی پێنجەمی پەرلەمانی عیراق بڵاوکردوەتەوە و بە بێبەرهەمترین خولی پەرلەمانی دەستنیشانی کردوەو تێیدا هاتووە؛ تەنها 294 کاتژمێر دەوام کراوە، کە دەکات شەش کاتژمێر لە مانگێکدا.

روانگەی پەرلەمانیی عێراق کە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات، بڵاویکردوەتەوە بەرهەمی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، لە ساڵانی 2021 بۆ 2025 کەمترین کاریان کردوە و لاوازترین خولی پەرلەمانییە بووە، بەراورد بە خولەکانی پێشو لە رووی ئەدای یاسادانان و چاودێری و پابەندبوون بە کاتەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەروو، کاتەکانی کارکردن لە خولی دووەمدا نزیکەی 993 کاتژمێر بووە، لەکاتێکدا خولی سێیەم 819 کاتژمێر تۆمارکراوە، ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەدای ئێستا تەنها نزیکەی 30%ی چالاکییەکانی پەرلەمانە لە خولەکانی پێشودا.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ژمارەی دانیشتنەکان لە دانیشتنی ئێستادا 140 دانیشتنی ئاسایی، شەش دانیشتن نائاسایی و  دوو دانیشتنی راوێژکاری بووە، کە کەمترینە لە  ساڵی 2010ەوە.

ژمارەی خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ یاساکان کەمیکردووە  بۆ 175 یاسا  و ژمارەی خوێندنەوەی دووەم بۆ 116 ، ئەمە لەکاتێكدایە ئەو یاسایانەی دەنگیان لەسەر دراوە تەنها گەیشتەوە 69 یاسا، کە ئەمەش کەمترە لە خولەکانی پێشوو.

روانگەی پەرلەمانیی دوپاتیکردوەتەوە، ئەم ئامارانە خراپ و مەترسیدارن، بۆ دابەزینی ئەدای دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردن،  لە کاتێکدا وڵاتەکە بەردەموا بە دۆخێکی خراپدا دەڕوات و لە هەموو ئاستەکانداروبەڕوی ئاستەنگی گەورە بوەتەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە دامەزراوەی پەرلەمان ئاستی کارایی و بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەدای کارکردندا بەرز بکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیار وایە لەمساڵدا و  رێکەوتی 11ـی 11 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەرێوە بچێت و کاندید و لایەنکان کێبڕکێدەکەن لەسەر 329 کورسی پەرلەمانی

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو