عێراق كۆتایی به‌ پاره‌ی كاش دەهێنێت؛ بەرەو پارەدانی ئەلیکترۆنی هەنگاودەنێت

28.10.2025
جەماوەر نیوز
بانکی ناوەندی عێراق پێشبینیدەکات کە قەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنی تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ٦٠ ملیار دۆلار و وتەبێژی بانکەکەش دەڵێت، بەهۆی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە چاپکردنی دراو بە رێژەیەکی زۆر گەورە کەمیکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، عەلا فەهد، وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی وت،بانکەکە لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیدا هەوڵدەدات پشت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی ببەسترێت، چونکە رۆڵێکی زۆر گەورەی هەیە لە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە مامەڵەی نەختی کە بە رێژەیەکی زۆری کەمیکردووە.

وتیشی، بانکی ناوەندی بە هاوکاری کۆمپانیای (ئۆلیڤەر وایمەن) پلانی چاکسازی بانکیی جێبەجێ دەکات کە لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، بەدەنگەوەچوونێکی گەورە هەیە لەلایەن بانکە بۆ پلانەکە و پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٣٥ قەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنی بگاتە ٦٠ ملیار دۆلار.
وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا پارەدانی ئەلیکترۆنی زۆر گەشەی کردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کارتی بانکی دەرکراوە و زیاتر لە ٧٥ هەزار ئامێری پارە راکێشانیش هاوردەکراوە.

بابەتی هاوشێوە