کشتوکاڵی عێراق: قەیرانی ئاو هەناردەکردنی گەنم دوادەخات

06.11.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رایگەیاند، قەیرانی ئاو هەناردەکردنی گەنم دوادەخات.
د.محەمەد جاسم، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی رووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە ڕۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، ئەو یەک ملیۆن دۆنمەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەرزی چاندنی زستانە تەرخانکراوە، بەتەواوی بە گەنم دەچێنرێت، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ڕێژەی 50% کەمبووەتەوە بەهۆی کەمیی ئاوەوە و ئەو قەیرانە بۆ پێنجەمین ساڵە لەسەر یەک بەردەوامە.
دەشڵێت، پلانە نوێیەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان داڕێژراوە، لەسەر بنەمای ڕێژەی ئاوی بەردەست، بە گرنگیدان و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ئاودێریی هاوچەرخ بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و دەستەبەرکردنی وەرزی کشتوکاڵی سەرکەوتوو.
وەزارەتەکە دەشڵێت، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی، عێراق بە هۆکاری قەیرانی کەمئاوی داواکارییە رەسمییەکانی چەند وڵاتێک بۆ هەناردەکردنی گەنم دوادەخات، لەپێناو ئاسایشی خۆراک و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکە خاوەنی یەدەگی گەنمە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2027.

بابەتی هاوشێوە