ئەحمەد تورک: لایەنی کوردی هەنگاوی خۆی ناوە و ئێستا کاتی دەوڵەتە

15.10.2025
جەماوەر نیوز
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان، لە دیمانەیەکی نوێدا ڕایدەگەیەنێت، لایەنی کوردی و پەکەکە ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتیدا گێڕاوە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیادایە بۆ ئەوەی "هەنگاوی کردەیی" بنێن، ئەگەرنا پرۆسەکە هیچ مانایەکی نامێنێت.
تورک ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت، پێویستە دەوڵەت لەم پرۆسەیەدا ڕوون و ڕاشکاو بێت، چونکە خەڵک گومانیان بۆ دروست بووە.
وتیشی، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە، دوای ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکە، دەسەڵات هەنگاوی بەرجەستە بنێت. ئەگەر ئەو هەنگاوە کردەییانە نەنرێن، هیچ مانایەک بۆ پرۆسەکە نامێنێتەوە."
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە جەختی کردەوە کە "لایەنی کوردی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بە پەکەکەشەوە، ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە."
ئەحمەد تورک هۆشدارییەکی توند دەداتە تورکیا سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: "ئەگەر هەوڵێک دژی ماف و ئازادییەکانی کورد لە سووریا هەبێت، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە ئەنجام ناگات."
تورک پێشنیازێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەنقەرە دەکات و دەڵێت، "تورکیا لەگەڵ دەستەی تەحریری شام کۆدەبێتەوە، با بچێت لەگەڵ کوردیشدا کۆببێتەوە. دەکرێت گفتوگۆ لەگەڵ سیاسییە گرنگەکانی کورد بکات، کە بریتین لە مەزڵوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و ساڵح موسلیم."
لەوەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە گوایە پارتی دەم بووەتە پاشکۆی دەسەڵات، تورک وتی، "ئێمە باخچەی پشتەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش نین، ئەوەی ئێستا لەگەڵ دەسەڵات ئەنجامیدەدەین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی 100 ساڵەی کوردە."
هەروەها ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، کە گوایە ئۆجەلان نایەوێت سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بێت و بە "هەوڵێک بۆ درزخستنە نێوان کورد" ناوی برد.
یادەوەرییەک لەگەڵ ئۆجەلان
تورک هەندێک وردەکاریی دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "سەدان وێنەمان لەگەڵ ئۆجەلاندا گرت، بەڵام تەنها یەک وێنەیان پێداین.
ئەو دەڵێت، زۆر سەرسام بووە بە ئۆجەلان، "پاش 27 ساڵ لە زیندانیکردن، ئۆجەلان بە وردی باسی ئەو کەسانەی بۆ دەکردین، کە لە ئەسینا و مۆسکۆ بینیونی. ئەوە زۆرترین سەرنجی منی ڕاکێشا."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ