وادەی كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە كۆشكی سپی راگەیەنرا

06.11.2025
جەماوەر نیوز
گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا وادەی دیدار و كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا راگەیاند.
كارۆلین لیڤیت گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمڕۆ سێشەمممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رۆژی دووشەممە رێكەوتی 10/11/2025 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی پێشوازی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا دەكات.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو سەرۆك رێككەوتنی چوونە نێو هاوپەیمانی دژی داعش ئیمزا دەكەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشتر لە مانگی ئایاری رابردوو لە سعوودییە چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا كەوتبوو، ئەمەش یەكەمین كۆبوونەوەی سەرۆكی سووریا بووە لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا.

بابەتی هاوشێوە