سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا گڵۆپی سەوز بۆ لیژنه‌كه‌ هه‌ڵده‌كات بچنه‌ ئیمڕاڵی: هیچ دانوستانێک له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ نیه‌

08.11.2025
جەماوەر نیوز
نومان کورتولموس، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگه‌یاند، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌ په‌رله‌مان له‌پێناو "تورکیا بێ تیرۆر" دروستكراوه‌، ده‌كرێت سەردانی ئیمڕاڵی بكات و هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە ڕوی تەواوکردنی پڕۆسەکە بگیرێتەبەر، بەڵام ئەوە لیژنەکەی ناو پەرلەمانە کە ئەو بڕیارە دەدات. ئەگەر لیژنەکە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، ئەوا هەنگاوێکی لەو شێوەیە ده‌نێت، به‌ڵام وتی، "هیچ دانوستانێک لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتدا نییە و هەرگیز نەبوە، ئەو رێکخراوە نیازی خۆی بۆ دانانی چەکەکانی راگەیاندوە و پڕۆسەی دانوستان نییە".
نومان کورتولموس له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سەرۆکی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئیستانبوڵ کۆبوەوە و ڕایگه‌یاند، "لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا شانزەهەمین کۆبونەوەی خۆی لە پەرلەمان ئەنجامداوه‌ و بەرپرسیارێتییەکی گرنگ و مێژویی بەرامبەر تورکیا هەڵدەگرێت، ئەرکێکی چارەنوسسازی بەجێگەیاندوە، لەمەودوا لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە". 
سەرۆکی پەرلەمان، سەبارەت بە سەردانی لیژنەکە بۆ ئیمڕاڵی، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا گفتوگۆی لەسەر کراوە، ڕایگەیاند، "دەتوانرێت ئەو هەنگاوە بنرێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە". لیژنەکە بڕیاری کۆتایی دەدات، "بۆچونی شەخسی من لێرەدا گرنگ نییە، لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بۆچونی ئەرێنی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە و بەردەوامن لەو کارە، هەروەها بە ئاشکرا دەریدەبڕن، ئەگەر لیژنەکە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، ئێمە بەو پێیە مامەڵە دەکەین".
کورتولموس ئه‌وه‌شی وت، "پڕۆسەکە سەبارەت بە دانانی چەکەکانی ڕێکخراوێكی تیرۆریستییە، لە تورکیادا ئەم پرۆسەیە لە ڕاستیدا پڕۆسەیەکی ئاشتی نێوان تورک و کورد نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە کە بە وردی لەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری دەکرێت، کە بە ڕاگەیاندنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی کە دژی دەوڵەت دەجەنگێت دەستی پێکرد کە چەکەکانی دادەنێت، بۆیە حەز دەکەم جەخت لەوە بکەمەوە کە هەموان لێرە تیشک دەخەنە سەر برایەتی تورکیا-کورد و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی و تەبایی نێوان ئەو خەڵکەی لەم وڵاتەدا دەژین و ئەمەش بابەتێکی زۆر گرنگ بو".
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، "هیچ دانوستانێک لەنێوان په‌كه‌كه‌ و دەوڵەتدا نییە، تا ئێستاش هیچ دانوستانێک نەبوە، ئێمە پێشتر لەو لێدوانانەی بۆ ڕای گشتی دراون دەزانین کە ڕێکخراوەکە هیچ داواکارییەکی توندڕەوی نەخستوه‌تەڕو، بۆ نمونە تا ئێستا هیچ داواکارییەک نەبوە وەک فیدڕاڵیزم، پێدانی هەندێک ئیمتیازات".
عه‌بدوڵا ئۆجەلان، ڕێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) لە 27ی شوباتی ئه‌مساڵدا لە ژوری زیندانەکەیەوە بانگەوازێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان و تێوەگلانی بە کاری سیاسی لە چوارچێوەیەکی یاسایی دیموکراسیدا دەرکرد، دوای ئه‌وه‌ش په‌كه‌كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی نا، به‌ڵام تا ئێستا توركیا هه‌نگاوی كرداری بۆ پێشخستنی پڕۆسه‌كه‌ نه‌ناوه‌.

بابەتی هاوشێوە